ماوەى (زانکۆلاین) درێژ کرایەوە

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند بڕیاردرا ماوەى (زانکۆلاین) تا ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (١٦/٩/٢٠١٧) درێژ بکرێتەوە.

عەباس ئەکرەم لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بەخوێندکاران بۆ پڕکردنەوەى فۆڕمى(زانکۆلاین) و بەرژەوەندى گشتى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا ماوەى زانکۆلاین بۆ (٤٨) سەعاتى دیکە واتە تا سەعات ١٢ى شەوى ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (١٦/٩/٢٠١٧) بۆ دەرچوانى خولى یەکەمى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى درێژ بکاتەوە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە ئەوە دواین درێژکردنەوەى (زانکۆلاین)دەبێت بۆ دەرچوانى خولى یەکەمى قۆناخى دوانزەى ئامادەی و، چیتر ماوەکە درێژ ناکرێتەوە، بۆیە داوا لەو دەرچوانە دەکەین کە تائێستا فۆڕمى زانکۆلاین یان پڕ نەکردۆتەوە پێویستە لەماوەى ئەم دوو ڕۆژەدا تەواوى هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ پڕکردنەوەى فۆڕمى زانکۆلاین، چونکە ئەمە دواین دەرفەت دەبێت.


سەرچاوە: سایتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

http://www.mhe-krg.org/ku/node/3598




کردنەوەی بەشی نوێ 

زانکۆی چەرموو بە خۆشحاڵیەوە پیتان ڕادەگەیەنێت کە بەشێکی نوێ بە ناوی (زانستی تاقیگەی پزیشکی) دەکاتەوە و وەرگرتن تیایدا لە ڕێگەی (زانکۆلاین) و (پارالیڵ) ەوە دەبێت و بۆ ئەمساڵی خوێندن ٢٠١٧-٢٠١٨ پێشوازی لە خوێندکاران دەکات بەم شێوازەی خوارەوە:

  • بەش: زانستی تاقیگەی پزیشکی
  • کۆلیژ: لە ئێستادا سەر بە سەرۆکایەتی زانکۆی چەرموو دەبێت
  • وەرگرتن: دەرچووانی ئامادەیی (لقی زانستی) و پەیمانگاکانی تەندروستی پەرستاری    
  • زمانی خوێندن: ئینگلیزی
  • نمرەی وانەی پەیوەندیدار: ٪٧٠ بۆ ئینگلیزی و زیندەوەرزانی و کیمیا    
  • ساڵی خوێندن: ٤ ساڵ
  • بڕوانامەی دەرچوون: بەکالۆریۆس ی زانستی     
  • هەلی کار: کارکردن لە تاقیگە پزیشکییەکان  
  • تێبینی: وەرگرتن تەنها لە ڕێگەی زانکۆلاین (ناوەندی وەرگرتن) و پارالیڵ دەبێت و ڕاستەوخۆ نیە 



Untitled

posted Sep 14, 2017, 2:32 PM by Directorate of Registration   [ updated Sep 14, 2017, 2:36 PM ]



مژدە بۆ دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی

posted Aug 15, 2017, 1:44 PM by Directorate of Registration


  ***مژدە بۆ دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی****
   ئێستا دەرچوانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی دەتوانن داخوازی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ گشت بەشەکانی زانکۆی چەرموو کە وەرەگرتن تیایاندا بەشێوەی ڕاستەخۆیە
لەڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە .
سەرەتا خوێندکاری پێشکەش کار پێویستە (Gmail) جیمەیڵی هەبێت و لەڕێگەی جیمەیڵکەی داخلی فۆڕمەکە بێت و ئینجا فۆڕمەکە چالاک دەبێت دەتوانێت فۆڕمی پێشکەش کردن پڕ بکاتەوە .
بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی پێشکەش کردن کلیک لێرە بکە  

بەشەکانی زانکۆی چەرموو :-
کۆلێژی پەروەردە و زانستە سروشتیەکان لەم بەشانە پێکهاتووە:-
١- زمانی ئینگلیزی 
٢- زمانی کوردی 
٣- فیزیا 
٤- پەروەردەی تایبەت 
٥- زانستە گشتیەکان 
٦- کۆمپیوتەر 
کۆلێژی کارگێڕی گشتی و بەڕێوەبردنی سامانی سروشتی لەم بەشانە پێکهاتووە:-
١- کارگێڕی گاز و نەوت و ووزە 
٢- ژمێریاری 
٣- کارگێڕی گشتی 

لە (١٥/٨)وە داواکارى بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەسیستمى راستەوخۆى زانکۆیى دەستپێدەکات

posted Aug 9, 2017, 9:34 AM by Directorate of Registration

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەنێت، بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) وەزارەتەکەمان پلان و بەرنامەى تازەیى بەئاراستەى بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و، بەرزکردنەوە ئاستى زانستى خوێندکاران و، کواڵێتى خوێندن داڕشت و، مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتنى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان هەرێمى کوردستان دەرکرد.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: دواى ئەوەى ساڵى ڕابردو بەسەرکەوتوى توانرا سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى لە زیاتر لە (١٠٠) بەشى زانستى جێبەجێ بکرێ، بۆیە وەزارەتەکەمان بڕیارى فراوانکردنى ئەو سیستمەى دا و، بۆ ئەمساڵى خوێندن (٣٧٧) بەشى زانستى بەسیستمى وەرگرتنى راستەخۆى زانکۆیى خوێندکار وەردەگرن، جگە لە کۆلێژەکانى کۆمەڵەى پزیشکى، ئەندازیارى،بەشى یاسا، بەشەکانى زیندەوەرزانى و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانى زانست، بەشى زمانى ئینگلیزى لە کۆلێژ و سکوڵەکانى زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات کە وەک ساڵانى پێشو لە ڕێگەى (زانکۆلاین) خوێندکاران دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن، کە دواتر لەلایەن وەزارەتەوە کاتى کارابونى ڕادەگەیەنرێت.

وتەبێژى خوێندنى باڵا وتیشى: لەوەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى ڕێژەى (٣٠%)ى کۆنمرە بۆ تاقیکردنەوەى بەش یان کۆلێژە دەبێت و، ڕێژەى (٧٠%)ى کۆنمرەى پۆلى دوانزەى ئامادەیى هەژمار دەکرێت، ئەوەشى ڕاگەیاند: کەمترین کۆنمرەى پێشبڕکێ بۆ کۆلێژ (٦٥%) و، بۆ پەیمانگە (٦٠%)، لەهەمان کاتدا بۆ بەشەکانى هونەر و وەرزش خوێندکاران بەکۆنمرەى (٦٠%) دەتوانن بچنە پێشبڕکێى وەرگرتن.

هەر لەو لێداوانەیدا عەباس ئەکرەم جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، ئەو خوێندکارەى کە بە سیستمى ڕاستەوخۆیى زانکۆیى وەردەگیرێت دواتر ناتوانێت دابەزین و گواستنەوە ئەنجام بدات، چونکە لەسەر بنەماى ئارەزو و لێهاتویى و تاقیکردنەوە وەردەگیرێت.

لە بەشێکى دیکەى لێدوانەکەیدا وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایکرد داواکارى ڕاستەخۆ لە تۆمارى کۆلێژ/ پەیمانگە دەبێت و، خوێندکاران دەتوانن لە ڕێکەوتى  ( ١٥/٨/٢٠١٧)ەوە سەردانى ئەو کۆلێژ و پەیمانگەیانە بکەن کە ئارەزوى دەکەن، وتیشى لەیەک کاتدا دەتوانن داواکارى بۆ سێ بەشى جیا پێشکەش بکەن، لەهەمان کاتدا ئەو خوێندکارانەى کە تاقیکردنەوەیان بۆ خولى دوەم ماوە بەهەمان شێوە دەتوانن فۆرمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەست بهێنن، وتیشى لە هەمو زانکۆکان ئامادەکارى تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکاران، هەروەک ئاگادارى خوێندکارانیش دەکات، کاتێک کە سەردانى تۆمارى کۆلێژ و پەیمانگەکان دەکەن بۆ خۆتۆمارکردن و بەدەستهێنانى فۆرم دەبێ ژمارەى ئەزمونى و ئەنجامى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى پێشکەش بە تۆمار بکات، تا لەلایەن تۆمارى زانکۆ وە پۆلینى داواکارییەکان بەپێى مەرجەکان بکرێت.

عەباس ئەکرەم ڕاشیگەیاند: تاقیکردنەوە بۆ وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى لە ڕیکەوتى (١٦/٩/٢٠١٧ تاکو ٢١/٩/٢٠١٧) لەلایەن لێژنەى زانستى بەشەوە ئەنجام دەدرێت، ئەنجامەکانیش بەشێوەى بەرایى لە ڕێکەوتى (٢٤/٩/٢٠١٧) بڵاودەکرێتەوە و، ماوەى هەفتەیەکیش بۆ تانە لێدان لەئەنجامەکان دانراوە، وتیشى هەر خوێندکارێک ئەگەر بەسیستمى ڕاستەوخۆى زانکۆیى وەربگیرێت مافى پێشکەشکردنى لەڕێگەى (زانکۆلاین) نابێت.

لە کۆتایشدا، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە لە مەرج و ڕینماییەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا مەرجە گشتی و تایبەتەکانى وەرگرتن و کۆنمرەى پێشکەشکردن و وەرگرتنى دەرچووانى ئامادەییە پیشەییەکان و پەیمانگەکان و خوێندنى ئێواران و پارالێل و شێواز و نمرەو مەرجەکانى پێشکەشکردنى تیادا خراوەتەڕو، بۆ ئەم مەبەستەش لەوێبسایتى رەسمى وەزارەتەکەماندا تەواوى مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتن و لیستى ناوى بەشەکانى وەرگرتنى راستەوخۆى زانکۆیى بڵاوکراوەتەوە.

مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٧-٢٠١٨

باجی خوێندکارانی قۆناغی یەکەم

posted May 28, 2017, 1:05 AM by Directorate of Registration   [ updated Aug 1, 2017, 10:37 AM ]

ئاگاداری خوێنداکارانی قۆناغی یەکەم دەکەین کە لە زووترین کاتدا سەردانی تۆمارگەی کۆلیژەکانیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی باجەکانیان. 


 تێبینی: تێچووی هەر باجێکی ئەلیکترۆنی ٤،٥٠٠ (چوار هەزار و پێنج سەد) دیناری عێراقی. 

ئاگاداری

posted Dec 4, 2016, 1:28 AM by Directorate of Registration

ئاگاداری بۆ خوێندکارانی تازەوەرگیراو لە زانکۆی چەرموو
خوێندکارانی تازەوەرگیراوان لە زانکۆکەمان ئاگاداردەکەینەوە کە دواکات بۆ خۆتۆمارکردنی ئەلیکترۆنی ئۆنلاین وە هەروەها بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی دابەزاندن ڕۆژی چوارشەممەیە کە دەکاتە بەرواری ٧/ ١٢ / ٢٠١٦. داواتان لێ دەکەین کە پەلە بکەن لە خۆتۆمارکردنی ئۆنلاین لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە. 
http://drg.charmouniversity.org/annou…/khwndkaranytazwrgyraw

پێشکەش کردن بۆ خوێندنی پارالیل لە زانکۆی چەرموو درێژ کرایەوە

posted Nov 22, 2016, 10:16 AM by Shwan Kamal Rachid   [ updated Aug 1, 2017, 10:38 AM by Directorate of Registration ]

ئاگاداری خوێندکارانی دەرچووی قۆناغی شەشەمی ئامادەیی دەکەین کە داواکاری بۆ پێشکەشکردن بۆ خوێندنی پارالیل لەهەموو بەشەکانی زانکۆی چەرمو تا بەرواری ٣٠-١١-٢٠١٦ بەردەوام دەبێت. هەر خوێندکارێ خوازیارە بۆ پێشکەشکردن بۆ ئەو جۆرە خوێندنە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانکۆ بکات.
بەشەکان:
١- کارگێڕی نەوت و گاز و ووزە
٢- کارگێڕی گشتی
٣- ژمێریاری
٤- فیزیا 
٥-کۆمپیوتەر
٦-پەروەردەی تایبەت
٧-ئینگلیزی
٨-کوردی
٩-زانستە گشتیەکان

تێبینی: بۆ وەرگرتن لە هەر بەشێکدا بەشێوەی پارالیل ٥ نمرەی تێکڕا واتە ٣٥ نمرە کەمترە لە کەمترین نمرەی وەرگرتن لە زانکۆلاین

 هەروەها بە هەمان شێوە خوێندن لە بەشەکانی ئیواران درێژکراوەتەوە بۆ فرسەتی زیاتر بە خویندکاران کە ناویان لە زانکۆلاین دەرنەچووە 

بەشەکانی ئیواران:
١- ئینگلیزی
٢- عەرەبی
٣- کۆمپیوتەر
٤- کۆمەڵایەتی
٥- کوردی
  

خوێندکارانی تازەوەرگیراو

posted Nov 17, 2016, 11:52 AM by Directorate of Registration   [ updated Nov 21, 2016, 12:13 AM ]

خوێندکارانی تازە وەرگیراو لە بەشە جیاجیاکانی زانکۆی چەرموو، 

خۆشەویستان، سەرەڕای بەخێرهاتنتان بۆ زانکۆمان و خواستنی هیوای سوودمەندبوون و خۆشحاڵبوونتان لە ماوەی چوارساڵی داهاتووی خوێندنتان لە زانکۆکەمان، سڵاوی سەرجەم خوێندکاران و ستافی زانکۆتان پێڕادەگەیەنین. 

داواکارین لە بەڕێزتان لە پێناوی ئاسانترکردن خێراکردنی پرۆسەی تۆمارکردن لەو بەش و کۆلیژانەی ناوتان بۆی هاتۆتەوە، ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن: 

١. هەرخوێندکارێک پێویستە ئیمەیڵێکی (g-mail) تایبەت بەخۆی دروستبکات، کە پێکبێت لە ناوی خۆی و ژمارەی (ناسنامەی باری شارستانی) یان (کارتی نیشتیمانی). دەتوانن بۆ چۆنێتی دروستکردنی ئیمەیڵ سەردانی سایتی فەرمی تۆمارگەی گشتی زانکۆی چەرموو بکەن (drg.charmouniversity.org) یان کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن کە بە شێوازێکی ئاسان و هەنگاو بە هەنگاو ڕێنماییتان دەکات.


٢. بە بەکارهێنانی ئەو ئیمەیڵەی دروستتکردووە پرۆسەی خۆتۆمارکردن (Registration) ی ئەلیکتۆنی دەستپێدەکەیت کە بە چەند هەنگاوێکی ئاسان هەموو زانیاریە پێویستەکان پڕدەکەیتەوە هەر لە ڕێگەی سایتی فەرمی تۆمارگەی گشتی زانکۆی چەرموو (drg.charmouniversity.orgیان بە کلیک کردن لەم لینکەی خوارەوە.


٣. پێویستە لە ماوەی نێوان ١١/٢٠/ ٢٠١٦ تا ١/ ١٢/ ٢٠١٦ سەردانی تۆمارگەی ئەو کۆلیژانە بکەن کە ناوتانی لێدەرچووە و ئەم پێداویستیانە لەگەڵ خۆتان بەرن: 

1.       بڕوانامەی تەواوکردنی شەشەمی ئامادەیی ڕەسەن و مۆرکراو (ئەصلی و مصدق)

2.       نۆ (٩) وێنەى رەنگاو رەنگ، پشتى سپى بێت.

3.       كارتى زانيارى ڕەسەن + (٢ کۆپی) ڕەنگاو ڕەنگ.

4.       پشتگيرى نيشتەجێبوون (1 كۆپى) رەنگاو رەنگ.

5.       ڕەگەزنامەى عێراقى  (جنسیە)(1 كۆپى)  رەنگاو رەنگ.

6.       پێناسەى بارى كەسى خوێندكار، ڕەسەن (هويە احوال مدنی) + (٢ كۆپى) رەنگاو رەنگ.

7.       كۆپى فۆرمى خۆراك (1 كۆپى) رەنگاو رەنگ.

8.       پشكنينى چاو، نابێت لە سێ مانگ زياترى بەسەردا رۆیشتبێت.

9.       پشكنينى خوێن.

10.   كفالە شخصيە و بەڵێننامە: خوێندکار دەتوانیت فۆرمی کەفالە شخصی (٣ کۆپی) و بەڵێننامە (٣ کۆپی) کە لە خوارە دانراوە دابەزێنیت و پڕیبکاتەوە و پاشان بیبات بۆ بەشی یاسایی لە بینای سەرۆکایەتی زانکۆی چەرموو، بەرانبەر ئاسایشی چەمچەماڵ بۆ ئەوەی مۆربکرێت. 

تێبینی

1.   بەڵێننامە و کفالە شخصی دەبێت لە هەریەکەیان (٣ کۆپی) پڕبکرێتەوە.

2. ئەو كەسەى دەبێتە كەفيلى خوێندكار دەبێت ناسنامەى بارى شارستانى ڕەسەن + (2) كۆپى رەنگاو رەنگ و كارتى زانيارى ڕەسەن + (2) كۆپى رەنگاو رەنگ لەگەڵ خۆيدا بهێنێت وە   پێویستە کەفیل فەرمانبەری حوکمی بێت وە پشتگیریەک لە فەرمانگەکەی بێنێت کە بڕی موچەی بنەڕەتیەکەی ئاماژەی پێکرابێت لە 250000 دوسەدو پەنجا هەزار دينار كەمتر نەبێت وەخۆى ئامادەبێت لە بەڕێوەبەرایەتی ياسايى سەرۆکایەتى زانکۆى چەرموو.

ماوەى زانکۆلاین ٤٨ سەعاتى دیکە درێژکرایەوە

posted Nov 2, 2016, 3:11 AM by Shwan Kamal Rachid   [ updated Aug 1, 2017, 10:39 AM by Directorate of Registration ]

وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایدەگەنێت هەموو ساڵێک بەهۆى درێژکردنەوەى ماوەى (زانکۆلاین) پرۆسەى وەرگرتن و دەستپێکردنى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دواکەوتووە، ئەمساڵیش بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشەیە وەزارەتەکەمان لە دوو ڕێگەوە هەوڵى داوە پرۆسەى خوێندنى قۆناغى یەکەم لەکاتى دیارکراوى خۆیدا دەستپێبکات: یەکەم: جێبەجێکردنى بەرنامەى وەرگرتنى راستەوخۆى زانکۆیى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، کە بۆ یەکەم جارە ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکرێت، بەمەش ئەنجامەکانى وەرگرتنى راستەوخۆى زانکۆیى راگەیەنراوەو لەهەفتەى داهاتوودا ئەو خوێندکار قوتابیانەى بەم شێوەیە وەرگیراوون دەست بەپرۆسەى خوێندن دەکەن. بەمەش پرۆسەى خوێندن دواناکەوێت. دووەم: درێژ نەکردنەوەى کاتى زانکۆلاین بۆ ئەوەى ناوەندى وەرگرتن لە وەزارەتەکەمان بتوانن بەزووترین کات ئەنجامەکانى وەرگرتن رابگەیەنن و خوێندکاران و قوتابیانیش بتوانن لەکاتى دیاریکراودا دەست بە قۆناغى یەکەمى خوێندن بکەن.

بەڵام بەهۆى کەمتەرخەمى ژمارەیەکى کەم لە دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى، کە رێژەکەیان نزیکەى ٥% دەبێت و داواکارییان پێشکەش نەکردووە بۆ وەرگرتنیان لەڕێگەى زانکۆلاین بۆ زانکۆ پەیمانگە حکومییەکان. وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە درێژکردنەوەى کۆتایى ماوەى (زانکۆلاین) بۆ ٤٨ سەعاتى دیکە واتە (زانکۆلاین) تاکو سەعات ١٢ى شەوى پێنجشەممە لەسەر هەینى کارا دەکرێت بۆ ئەو خوێندکار و قوتابیە کەمتەرخەمانەى تا ئێستا فۆڕمى پێشکەشکردنیان لە زانکۆلاین پڕنەکردۆتەوە.  هەروەک وەزارەتەکەمان لێرەوە رایدەگەیەنێت ئەمە دوا دەرفەتى درێژکردنەوەیە بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى و دواى ئەم بەروارە بەهیچ شێوەیەکى دیکە زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە. و پێویستە دەرچووان لەم ماوەیەدا فۆڕمى پێشکەش کردن پڕبکەنەوە، دوپاتیشى دەکەینەوە بۆ ساڵى داهاتووش بەهیچ شێوەیەک ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە. لێرەشەوە دەمانەوە بۆ هەموو لایەکى ئاشکرا بکەین هەر درێژکردنەوەیەک لە ماوەى زانکۆلاین بۆ وەزارەتەکەمان دەبێـتە هۆى دابینکردنى خەرجى زیاتر بۆ پرۆسەکە، بەمەش لەم دۆخەى ئێستادا بارگرانییەکى گەورەیە بۆ سەر وەزارەتەکەمان.

ئاگاداری وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ دەرچوانى قۆناغی ١٢ى ئامادەیى

posted Oct 31, 2016, 12:06 PM by Shwan Kamal Rachid

وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى داوا لە دەرچوانى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى دەکات پەلە بکەن لە پڕکردنەوەى فۆرمى پێشکەشکردن بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان لە ڕێگەى (زانکۆلاین)ەوە.


لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دەرچوانى (١٢) ئامادەیى ئاگادار دەکات، کە لەو ماوە کەمەى ماوە تا سبەى سێشەممە رێکەوتى (١/١١/٢٠١٦) سەعات ١٢ى شەو هەوڵەکانیان بەتەواوەتى چڕکەنەوە بۆ پڕکردنەوەى فۆرمى (زانکۆلاین)، بۆ ئەوەى مافیان نەفەوتێت و لەو بەش و کولێژانە وەربگیرێن کە خوازیارن تێیاندا درێژە بەخوێندن بدەن.

مەڵبەندی ڕاوێژکاری زانکۆی چەرموو

posted Oct 30, 2016, 3:09 AM by Directorate of Registration   [ updated Oct 31, 2016, 12:05 PM by Shwan Kamal Rachid ]

خوێندکارانی خۆشەویست ئاگاادار دەکەینەوە کە مەڵبەندی ڕاوێژکاری زانکۆمان لە ڕۆژی ٣١/ ١٠/ ٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر، دەستبەکاردەبێت بۆ خزمەتکردنی خوێنکارانی خۆشەویست لە ڕووی ڕێنماییکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی زانکۆلاین.

شوێن: تۆمارگەی گشتی زانکۆی چەرموو، بینایەی سەرۆکایەتی زانکۆ، بەرنبەر ئاسایش
کات: ٩:٠٠ - ١٢:٠٠
تەلەفون: ٣٣٥٤ ٨٩٧ ٠٥٣ (تۆمارگە)

تێبینی: تکایە هەرخوینکارێک سەردانمان دەکات ناوی بەکارهێننەر و ووشەی تێپەڕ و ژمارەی ئەزموونی لەگەڵ خۆی بهێنێت. 


 

1-10 of 14